بەشی نێودەوڵەتی: لە جیهانێکدا کە لەباری ژێئۆپۆلیتیکییەوە بەرەوڕووی ئاژاوەی بەردەوامە، تورکیا ئەو هەلەی هەیە کە وەڵامی ناڕەزایەتییە مێژووییەکانی کورد بداتەوە و یەکگرتوویی نیشتمانیی تۆکمە بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەروەریی ناوەندخوازی تورکیا بە شیوەی نەریتی ئاستەنگی خستۆتە بەردەم خۆدەربڕینی فەرهەنگی و سیاسیی کوردەکان و هەر ئەمەش بۆتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ حزبی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە 1984ـهوە تا ئیستا زیاتر لە 40 هەزار کوژراوی لێ کەوتۆتەوە. لەو سۆنگەوە ئەمدواییەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ گفتوگۆی ئاشتی، هەلێکی تایبەتیی ڕەخساندووە بۆ پەیجوریی ئۆتۆنۆمی و خۆسەرییەکی پێکهاتەمەند کە دەتوانێ هەڤیازیی ستراتژیکی بەرچاوی بۆ تورکیا بێت. وەک:
ـ تۆکمەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆیی: بەفەرمی ناسینی شوناسی کوردی لە ڕێگەی پێدانی سەروەریی خۆجێی دەتوانێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و دابەزینی بەرچاوی تێچووە سەربازییەکان.
ـ گەشەی ئابووری و خۆجێی: بەتواناکردنی ناوچەگەلی کوردنشینی تورکیا بۆ ئیدارەی سیاسەتی ماڵی، سەرچاوەی سروشتی و پڕۆژەی ژێرخانی دەتوانێ ببێتە هۆی گەشەی ئابووری و هاوکات کەمبوونەوەی کەلێن و دژایەتی مێژوویی و گەشەی هەمەلایەنە.
ـ بەرزبوونەوەی کاردای دەسەڵاتداری: کۆنتڕۆڵی خۆجێی لە بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و ژێرخانەکان، دەبێتە هۆی تەبایی زیاتری سیاسەتەکان لەگەڵ پێداویستییە ناوچەییەکان. ناوەندسڕینەوە وەڵامدەرێتی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە و کوالیستی خزمەتە گشتییەکانیش باشتر دەکا و پەرە بە هاوبەشت دیموکراتیکیش دەدات.
ـ ئاوێتەکردنی فەرهەنگی و تەکوزی نەتەوەیی: پاڵپشتی لە میراتی زمانی و فەرهەنگی کوردەکان، تەکوزی کۆمەڵایەتی بەرزتر دەکا و هەستی سڕینەوە و تاراندنیش کەم دەکاتەوە. قبووڵکردن و پەرەدان بە نەریت و زمانی کوردی دەبێتە هۆی ڕێز لە فرەچەشنی فەرهەنگی و تۆکمەی یەکگرتوویی نیشتمان.
ـ بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی و بڕەوی دیپلۆماتیک: چاکسازیی پێشدەستانە لە بواری مافی کەمینەکان دەتوانێ وێنای نێودەوڵەتیی تورکیا باشتر بکات و ئەو وڵاتە بکاتە نمانەی دەسەڵاتدارێتی مۆدێرن و گشتگیر و ئەم پێگەیە هاوکات دەتوانێ سەرمایەدانەریی بیانی ڕاکێشێت و پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان تۆکمەتر بکات.
ـ دەستپێوەگرتن لە تێچووی ئەمنی و چارەسەریی ناکۆکییەکان: کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و دژە شۆڕشەکان، نە تەنیا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قوربانی مرۆیی، بەڵکوو تێچووە ئابوورییەکان بە هۆی شەڕی درێژخایەنی ناوخۆییش بەڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە.
بە گشتی پێدانی ئۆتۆنۆمی و خۆسەر بە ناوچە کوردییەکانی تورکیا، دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ خەملانی وڵاتێکی سەقامگیرتر، دەوڵەمەندتر و یەکپارچەتر. لە لایەکی تر، بۆ ڕاپەڕاندنی ناوچەیەکی خۆسەری کارای کوردی، پێویستە ئەنجومەنی خۆجێی و پێکهاتەی بەڕیوەبەری بە شێوەی دیموکراتیک هەڵبژێدرێت.
پێدانی دەسەڵاتی ماڵیاتی خۆجێی و کۆنتڕۆڵی بەڕیوەبەریی سەرچاوەگەلی سروشتی دەتوانێ هاندەری گەشەی پاوەجێی ناوچەیی بێت. هەروەها لەپێناو گەیشتن بە شوناسێکی فەرهەنگیی ڕێکوپێک و پتەوی کۆمەڵایەتی، دەبێ خۆبەڕیوەبەریی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیش بە دەروونیکردنی ڕاهێنانی زمانی کوردی، پاڵپشتی لە ناوەندە فەرهەنگییەکان و پاراستنی میراتی فەرهەنگی تۆکمە بکرێت.
جگە لەمانە، بۆ دەستەبەرکردنی پاوەجێی درێژخایەن و ڕوونکاریی یاسایی، دەبێ دەسەڵاتی سەروەری ناوچەیی بە ڕوونی لە دەستووردا پێناسە کرابێت. هەروەها میکانیزمی هاوئاهەنگیی ناوخۆیی بۆ هاوکاریی کارا و چارەسەریی ناکۆکییەکان لە نێوان دامودەزگا نیشتمانی و ناوچەییەکان زەروورییە.
هەوڵە مێژووییەکان
گرنگترین هەوڵی مێژوویی بۆ چارەسەریی پرسی کوردەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 2013-2015 کە بە پڕۆسەی ئاشتەوایی ناوی لێ دەبرێت. لەو پڕۆسەیەدا بڕیاربوو بە پێدانی مافی فەرهەنگیی بەربڵاوتر و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشی سیاسیی کوردەکان و کەمکردنەوەی شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە لە ڕێگەی دانوستانی کۆگرەوە، قەیرانی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت.
هەروەها لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی تورکیا هەڤیازیگەلێکی وەک گۆڕانی یاسا و لەبەرچاوگرتنی داڵغەی کوردەکان لە سیاسەتدانەریی گشتیی ئاراستە کرد.
کەچی، ئەو پڕۆسەیە بە هۆی دووجەمسەریبوونی کەشی سیاسی، دژایەتی ڕادیکاڵەکان و نەبوونی گەڕەنتی دامودەزگاییەکی ڕوون و ئاشکرا، تووشی شکست هات.
وانە گرنگەکان
هەوڵە پێشووەکان بۆ چارەسەریی پرسی کورد سەلماندوویەتی کە ڕێفوڕمی پەیتایی، ئەگەرچی بەسوودە، بەڵام بەبێ گۆڕانی پێکهاتەیی لە سیستەمی دەسەڵاتی ناوەندخوازدا دەسکەوتێکی ئەوتۆی نییە و بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی پاوەجێی، ڕێفۆڕم دەبێ هەڵگری بەڕێوەبەریی خۆجێی ئابووری، بەتواناکردنی سیاسی و گەڕەنتیی یاسایی ڕوون بێت و هاوکات بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکان و ئەرکی دامەدەزگا خۆسەرەکانی کوردی، پێویستە لە دەستوور یان چوارچێوە یاساییە هەمیشەییەکاندا تۆمار بکرێت.
دیارە پێشکەوتی پاوەجێی پێویستی بە هاوبەشیی بەربڵاوی ئەکتەرانی جۆراوجۆری وەک کۆمەڵگای مەدەنی خۆجێی، ڕێبەرانی سیاسی کورد و دامودەزگا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە.
ناوبژێتی نێودەوڵەتی
ڕۆڵی ناوبژێتی نێودەوڵەتی و بێلایەن بۆ پێشخستنی دانوستانەکان و پاراستنی ڕەوتی ئاشتی زەروورییە و بەشداریی ئەکتەرانی نێودەوڵەتیی متمانەپێکراو و بێلایەنی وەک نۆروێژ و سویسرا لە ئاستی جیهانی و عەمان لە ئاستی ناوچەدا دەتوانێ سەرەڕای ڕێنوێنی تورکیا بە ئاراستەی پێدانی مافی کورد، کەلێنەکان پڕ بکاتەوە و ڕێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی پاوەجێی هەموار بکات.
342/
Your Comment